لە 98 رۆژدا 117 چالاكڤانی سیاسی و فەرهەنگی لە كوردستان دەستبەسەر كراون

12:49 - 8 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە ماوەی زیاتر لە سێ‌ مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی كوردستانی ئێران 117 حاڵەتی دەستبەسەر كردنی چالاكانی سیاسی و فەرهەنگی رووی داوە و حوكمی هێندێكیان یەكلایی كراوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە مانگی رەزبەردا 35 هاووڵاتیی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچە كورد نشینەكانی كوردستانی ئێران دەستبەسەر كراون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە حوكمی 5 كەسیان یەكلایی كراوەتەوە و لەلایەن دەزگا قەزاییەكانەوە 18 مانگ زیندانی بۆ 3 كەسیان بڕاوەتەوە.

2 مامۆستاش لەو 5 كەسەی كە حوكمیان یەكلایی كراوەتەوە سزای دوور خرانەوەیان بۆ بڕاوەتەوە.

مانگی خەزەڵوەر

لە مانگی خەزەڵوەردا 48 هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون و لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە حوكمی 5 كەسیان یەكلایی كراوەتەوە و سەرجەم بە 84 مانگ زیندانی حوكم دراون.

8 كەس لەو 48 دەستبەسەر كراوەی مانگی خەزەڵوەر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە بە تاوانی چالاكیی فەرهەنگی و مەدەنی قوڵبەست كراون.

مانگی سەرماوەز

هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی تاران لە كوردستان، لە مانگی سەرماوەزدا 28 كەسیان بە تاوانی چالاكیی سیاسی و هاوكاریی لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی دژبەری نیزامی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كردووە.

زیندانییەكی سیاسی بە ناوی زینب جەلالیان حوكمی لە ئیعدامەوە بوو بە زیندانیی هەتا هەتایی.

هەتا ئێستا ئەو 27 دەستبەسەر كراوەی دیكە حوكمەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە و چارەنووسی بەشێكیشیان نادیارە.

15 كەس لە كۆی گشتیی دەستبەسەر كراوەكانی مانگی سەرماوەز خەڵكی شاری مەهابادن كە بەكۆمەڵ دەستبەسەر كراون.

لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە

لە 7 رۆژی رابردووە هەتا ئێستا 6 هاووڵاتیی كورد لە كوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراون و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم ئامارە چارەنوسیان نادیارە.

لە كۆی گشتیی ئەو 117 حاڵەتە دەستبەسەر كردنانە 7 كەس بە دانانی وەسیقە ئازاد كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.