لێکۆڵەرێکی کورد لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

21:13 - 22 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەرێکی کورد لە شاری تاران و لە نێو ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، \"کامیل ئەحمەدی\"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

\"شەفەق ڕەحمانی\"، هاوژینی ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەی لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: \"هاوژینم کامیل ئەحمەدی، ڕۆژی یەکشەممە، دەسبەسەر کراوە. لە درێژەی بەدواداچوونەکانی ئەمڕۆماندا دەرکەوت کە لقی دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئەوین ماوەی یەک مانگ دەسبەسەرکرانی بۆ کامیل دیاری کردووە.هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تاوانە وەپاڵدراوەکانی بە ئێمە نەدراوە.\"

کامیل ئەحمەدی، ساڵی ڕابردوو، خەڵاتی بونیادی ئاشتیی ژنان لە بەشی وێژە و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی جۆرج واشینگتۆنی بە دەست هێنا.

ناوبراو بەهۆی نووسینە زانستییەکان و چالاکییەکانی لە بیاڤی خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە جەختکردنەوە لە سەر \" جنسییەت\"، \"منداڵان\" و \"کەمینەکان\"، لەزانکۆی جۆرج واشینگتۆن خەڵاتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە بابەتە فەرهەنگی- ناوچەییەکان، منداڵان و ژنان و مافی کەمینەکان خەریکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە و لەم ساڵانەی دواییدا پرۆژەگەلێکی لە بوارگەلی فەرهەنگی منداڵان و ژنان، جنسییەت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناوچەکەدا ئەنجام داوە.

لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە خەتەنەی ژنان (FGM/C)، هاوسەرگیری منداڵان(ECM)، هاوسەرگیریی کاتی/سیغە و هاوسەرگیری سپی لە ئێراندا ئەنجام دراون.