لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی باڵوێزی ئێران لە بەغدا و دژکردەوەی حدکا

14:31 - 22 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: باڵوێزی حکوومەتی ئێران لە بەغدا لە وتووێژێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی \"ڕووداو\" لەهەمبەر دەسپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هوشداری دا.

ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی حکوومەتی ئێران لە شاری بەغدا لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی \"ڕووداو\" بە هەڕەشە کردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاند: \"کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەویست ئەم حیزبانە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن تەنانەت لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئێمە کێشەیەکمان نەبووە و بە حکوومەتی هەرێم، پارتی، یەکیەتی و خودی ئەو حیزبانەمان ڕاگەیاندووە کە چالاکییەکانی ئێوە لەم ڕاستایە و چالاکییە ئاشتیخوازانە و ناچەکداری لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی جێی ‌قەبووڵ کردنە\".

ناوبراو دەڵێت: \"بەڵام کاتێک کە ئەم حیزبانە لە سنوورەکان و شارەکانی کۆماری ئیسلامی چالاکی چەکداری دەکەن، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لەهەمبەر جموجۆڵە چەکدارانەکان بێ‌دەنگ بێت بۆیە بە مووشەک، فڕۆکە و تۆپخانە وڵامیان دەدەینەوە\".

باڵوێزی حکوومەتی ئێران لە شاری بەغدا سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: \"ئێمە ڕەنگە لەگەڵ ئەو حیزبانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ وتووێژمان نەبێت، بەڵام لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە پەیاممان بەوان داوە کە ئێوە ئیزنی چالاکی نیزامیتان نییە، ئەگەر ئەو حیزبە کوردییانە لە هەرێمی کوردستاندان نابێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان بۆ چالاکییەکانی خۆیان بە کار بێنن؛ ئەمە زەرەر و زیان لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات\".

ئیرەج مەسجدی لەم وتووێژەدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە: \"چوونکە ئەو حیزبانە چەکدارن، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین لەگەڵ ئەوان هەڵبکەین و چوونکە مونافقن و حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا یاسایی نییە، ئەمە سروشتییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوان هیچ جۆرە وتووێژێکی ئاشتیخوازانەی نابێت\".

\"\"کەریم پەرویزی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حدکا
کەریم پەرویزی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حدکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، لە دژکردەوە بە لێدوانەکانی باڵوێزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند: \"ئێمە وەکوو کورد و حیزبی دێموکرات بە دڵخوازی خۆمان چەکمان هەڵنەگرتووە. ئێمە سەرەتا لە رێی خەباتی پارلەمانی و سیاسییەوە لەگەڵ رێژیمی تاران بەرەوڕوو بووینەوە، بەڵام ئەوان نەک هەموو ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانیان هەڵوەشاند، بەڵکوو خومەینی هەڕەشەی ئەوەی کرد کە گەر دوکتۆر قاسملوو کە بە دەنگی خەڵک ببوو بە نوێنەربۆ مەجلیسی دامەزرێنەران، بڕواتە تاران لەوێ ناهێڵن بگەڕێتەوە و دەیکوژن! هەر لەهەمان کاتدا خومینی فەرمانی جەهادی بە دژی نەتەوە و خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە فەرمانی جینۆسایدە لە ژێر ناوی رەوایەتێکی ئایینی و شەرعیدا.\"

ناوبراو دەڵێت: \"کاتێک کە فەرمانی جیهاد و جینۆساید بەدژی دەردەکەن خۆ بە گوڵ بەروڕوویان نابیتەوە بەڵکوو کوردیش دەستی دایە خۆڕاگری، چەکی کورد، بۆ دیفاع لە مانی خۆی بووە و رێژیمی ئیسلامیی تاران هێرشبەر و داگیرکەرە\".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: \"ئێمە لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی و کوردستانی باشووردا، خەباتی رەوای چەکداریمان راگرت و زیاتر لە بیست ساڵە رامان گرتووە، تا ئێستاش خەباتی چەکداریمان دەست پێ نەکردووە، لەم بیست ساڵەدا کۆماری ئیسلامی جگە لە ئێعدام و کوشتار و مەوادی موخەدیر و هەژاری و ئەشکەنجە کردن چ دیاریەکی بۆ کوردستان پێ بووە؟ مەنتق و لۆژیکی کۆماری ئسیلامی تەنیا چەک و مووشەک و بۆمبە و بۆیەشە کە باس لە هەرچی دەکەی دەڵێ چەک و مووشەک بەکار دێنین! خۆ کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور چەکیان پێ نییە، ئەی بۆ هەر رۆژە دەسرێژ لە کۆڵبەران دەکەن.\"

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکرات دەڵێت: \"ئێمە وەک نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکی پێشکەوتوو و دیمۆکراسیخوازین و دەیان ساڵ پێش ئێستا داوای دێموکراسی و ئاشتی و ئازادیمان کردووە و ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە رێگای مەدەنی و سیاسی بۆ چارەسەری پرسەکان نازانێ. گەر دەیانەوێ هێزەکانی کوردستان لە رێگەی مەدەنی و ئاشتییانەوە خەبات بکەن، با زەمینەی خەباتی مەدەنی بڕەخسێنن! ئەوان رەحم بە سەرۆک وەزیرانی پێشووی خۆیان و سەرۆک کۆماری پێشوویان و سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی نیزامەکەیان کە رەفسەنجانی بوو نەکرد، ئێستە باس لە خەباتی مەدەنی بۆ کورد دەکەن؟\"

بە وتەی کەریم پەرویزی: \"رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک خەباتی میدیایی و مەدەنی و سیاسی لە ئێراندا قبووڵ ناکا و بە ئێعدام بەرەوڕووی دەبێتەوە، بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورکانیش قبووڵی ناکا. دەیان رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و چالاکی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی سنوورەکان بە دەستی تیمە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون.\"

ناوبراو سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەڵێت: \"بۆ دۆخی هەرێمی کوردستانیش، پێم وایە دەبێ جیهان گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێنێ کە زیاتر لەمە دەست نەخاتە نێو کاروباری ناوچە و ئاژاوە و تیرۆر و تێکدان رابوەستێنێ. کاتێک کە خەڵکی کورد دەڵێ ئێمە دەمانهەوێ بە ئاشتییانە گشتپرسی بەڕێوە ببەین، خامنەیی و فەرماندەکانی سپا زیاتر لە هەموو کەس و توندتر لە سەرکردەکانی عێراق هەڕەشەیان لە سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکرد . بۆیە دەبێ نەک داوا بەڵکوو گوشار لەسەر کۆماری ئیسلامی بکرێ کە دەست لە ئاژاوەگێڕی و بێڕێزی بە گەلانی ناوچە و بەتایبەت هەرێمی کوردستان هەڵبگرێ.\"

ئەم ئەندامەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە شێوازەکانی خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دووپاتی دەکاتەوە کە: \"شێواز و شوێن و چۆنیەتیی خەباتی نەتەوەیەک بۆ گەیشتن بە مافەکانی بە بڕیاری خودی نەتەوەکە گرێ دراوە. نەتەوەی کورد خۆی بڕیار لەسەر شێواز و تاکتیک و کات و شوێنی خەباتەکەی دەدا، نەک کۆماری ئیسلامی کە بە ناڕەوا دەسەڵاتی داسەپاندووە و بە فەرمانی جەهاد هێرشی کردۆتە سەر کوردستان و ئێستاش دەڵێ دەبێ لە چوارچێوەی یاساکانی مندا، حیزبەکانی خۆت پێناسە بکەی. ئێمە ئەو یاسایانە و خودی کۆماری ئیسلامی بە ناڕەوا و روو لە مەرگ دەبینین.\"