لێدوانی ڕەخنە ئامێزی خوێندکارێکی کورد توڕەیی بەرپرسانی زانکۆی بۆکانی لێکەوتەوە

15:14 - 18 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لێدوانە ڕەخنە ئامێزەکانی خوێندکارێکی کورد لە ڕۆژی خوێندکار لە زانکۆی ئازادی شاری بۆکان، بوو بە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی زانکۆ، ئیزنی قسە کردن بەو خوێندکارە کوردە نەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمیر ئیزەددوست، خوێندکاری کورد لە زانکۆی ئازادی بۆکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی سەرماوەز لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی خوێندکار، ڕەخنەی لە بەرپرسانی زانکۆ و سیستمی زانکۆ و داخوازی و داواکاری خوێندکاران گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زانکۆی ئازادی بۆکانەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: لێدوانە تووند و کەم وێنەکانی ئەم خوێندکارە کوردە بوو بە هۆی توڕەبوونی بەرپرسانی زانکۆ و ئیزن نەدان بە ناوبراو بە درێژەدان بە قسەکانی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: بەرپرسانی زانکۆ لە کاتێکدا ئیزنی قسەکردنیان بەو خوێندکارە کوردە نەدا کە بەرپرسان حکوومەتی لەو شارە و مێوانەکان هۆڵی ڕێورەسمەکەیان بە جێهێشتبوو و هەروەها خوێندکارانیش خەریکی چۆڵکردنی هۆڵەکە بوون، بەڵام وتە تووندەکان و رەخنەی کەم وێنەی ئەمیر ئیزەددوست بوو بەهۆی ئەوەیکە زۆربەی خوێندکاران لە هۆڵەکە بمێننەوە و بەرپرس و جێگیری زانکۆش بە ناچاری لە هۆڵەکەدا مانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زانکۆ لە دژکردەوە بە قسەکانی ئەو خوێندکارە کوردە بە بەڕێوەبەری بەرنامەکەیان راگەیاندووە کە ئیزنی قسە کردن بەو خوێندکارە کوردە نەدات، کە لەگەڵ دژکردەوەی ئەو خوێندکارە کوردە بەرەڕوو بووە.

ئەمیر ئیزەددوست هەنووکە وەکوو سەرنووسەری پایگای هەواڵی \"هاناخبر\" و بڵاوکراوەی ناوچەیی \"سانا\" چالاکی دەکات.