لێدانی کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە

13:58 - 17 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزی سپای پاسداران، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، ئازار و ئەشکەنجەی کور و کچێکی مێرمنداڵیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ بە ناوەکانی کارۆ کەریمی، تەمەن ١٣ ساڵ، کوڕی ساڵح و شلێر ئەژدەری، خەڵکی گوندی \"سەردۆشـ\"ـی شاری مەریوان، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کوڕ و کچە مێرمنداڵە، لە کاتێکدا دەچوون بۆ سەر مەزرا و مووچەکەیان و تەنیا هێندێک نان و پێخۆریان پێ بووە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک ئەو کوڕ و کچە مێرمنداڵە کوردەیان ئازار و ئەشکەنجە داوە و بەپێیخواسی ڕەوانەی ماڵیان کردوونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو مێرمنداڵە لە ئێستەدا، بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان، لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان، لاوێکی کورد، بە ناوی \"ئازاد سەعدوڵڵاهی\"، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی گوندی \"شیان\"، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە توندی لێی دراوە.