لێدانی لاوێکی کورد لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە

15:37 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان، لاوێکی کورد، بە ناوی \"ئازاد سەعدوڵڵاهی\" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"شیان\" سەر بە ناوچەی ژاوەڕۆی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بە توندی لێی دراوە.

هێزەکانی سپای پاسداران هەوڵیان داوە، بە لێدانی ئەو لاوە کوردە، ڕێزیان لێ بگرێت و لە بڕیارەکانی ئەوان پەیڕەوی بکات.

دێهیاری گوندی شیان بەو هەوڵەی سپای پاسداران دژکردەوەی نیشان داوە و سپای پاسداران لە وڵامی دژکردەوەی دێهیاری ئەو گوندە، ڕایانگەیاندووە:\"دەتوانین هەموو کارێک بکەین\".

لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ئەو لاوە کوردە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، شەپۆلێک لە نارەزایەتیی خەڵکی گوندی شیانی لێ کەوتووتەوە.