لێدان، زیندانییەکی بەلووچی بردووەتە لێواری مەرگ

14:52 - 26 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی گرتووخانەی ناوەندیی زاهیدان، بە هۆکاری ڕەخنە لە دۆخی ناوزیندان بەرەوڕووی لێدان و ئەشکەنجە بووەتەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسەر نیگابانی گرتووخانەی زاهیدان بە زۆر زیندانییەکی بەلووچی بەناو \"مەلەنگ میرشا\"ی بردووەتە ژووری قەرەنتینە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بێ ئاو و نان ڕایدەگرێت.

ئەو هاووڵاتییە بەلووچە لەماوەی ڕاگیرانی، تووشی کوتان و لێدان بووەتەوە و بەم هۆیەش تەواوی لەشی، بە تایبەتی سەری، شین هەڵگەڕاوە.

ئەو هەڵسووکەوتەی بەرپرسی ناوخۆی زیندان، تێکچوونی باری تەندرووستی \"مەلەنگ\"ی بەدواوە دەبێ و دواجار ڕۆژی شەممەی ئەو حەوتوویە ناوبراو بە ویلچێر دەگوازێتەوە بۆ دەرمانگای زیندان.

ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێراندا ڕایگەیاند، کە پزیشکەکان دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە ٤٦ ساڵەیان \" لە لێواری مەرگ\" وەسف کردووە.

چوار مانگە کە حوکمی چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری \"مەلەنگ\" تەواو بووە بەڵام دەزگای قەزایی لە ئازادکردنی ناوبراو خۆ دەبوێڕێت.

ئەشکەنجەی زیندانییەکی بەلووچ لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری زاهیدان تەنیا بە هۆکارە بووە کە \"مەلەنگ میرشا\" بە لێژنەی نێردراوی دەزگای قەزایی بۆ بینینی دۆخی ئەو زیندانە وتوویەتی کە چارەسەری پزیشکیان نییە، هەڵسووکەوتی خەراپیان دەگەڵ دەکرێت و لە بواری ساخڵەمیشدا لە دۆخێکی نالەبار دان.

تا ئێستا بە دەیان جار ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیان سیاسی لە ئێراندا هەڵوێستیان نیشانداوە بەڵام دەزگای قەزایی بە هۆی ناسەربەخۆیی و دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات و حفازەت ئیتلاعاتی سپا، نەیتوانیوە پێش بەو کارە بگرێت.