لێخۆشبوون بەسەر تۆڵەدا زاڵ بووە

15:22 - 12 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بە تۆمەتی کوشتن، حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو، لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکانەوە، لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"گرد شیلانـ\"ـی شاری مەهاباد، کە بە تاوانی کوشتنی دوو هاووڵاتیی دیکە، لە لایەن دادگاوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، بە هۆی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکان، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئێعدام ڕزگار کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی کێشەی نۆرە ئاوی کشتوکاڵی، لەگەڵ بنەماڵەی دوو کوژراوەکە تووشی شەڕ و دەمەقاڵێ ببوون و بەو هۆیەوە، دوو هاووڵاتییان کوژران.

پاش ساڵێک هەوڵ و هیمەتی هاووڵاتییان و ڕیشسپییانی شارەکانی مەهاباد، سەردەشت و ڕەبەت، توانییان لێخۆشبوون لەو بنەماڵەیە بستێنن و ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە پەتی سێدارە ڕزگار بکەن.

لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٧، لە گوندی \"گرد شیلان\" لە بەخشی خەلیفانی شاری مەهاباددا، بە هۆی شەڕ و کێشە لەسەر نۆرە ئاوی کشتوکاڵی لە نێوان دوو بنەماڵەدا، دوو هاووڵاتی کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.

زۆرترین حوکمی لەسێدارەدان لە وڵاتی ئێراندا لەژێر ناو و ناتۆرەی \"قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانـ\"دا بەڕێوە دەچن، بەڵام لە حوکمی \"قیساسـ\"دا و بەپێی یاسای حکوومەتی ئیسلامی، بنەماڵەی کوژراوەکە بڕیار لەسەر چارەنووسی بکوژەکە دەدەن.