لێبووردنی نێونەتەوەیی: هێرشە هەواییەکانی ڕووسیە لە سووریە دەچێتە چوارچێوەی جینایەتی جەنگیەوە

21:59 - 2 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە؛ لە ئەنجامی هێرشە هەواییەکانی ڕووسیە لە سووریە، بەشێکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژراون و ئەم هەوڵەی کرێملین دەچێتە چوار چێوەی جینایەتی جەنگییەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی دەڵێت: \"دەوڵەتی ڕووسیە لە هێرشە هەواییەکانی بۆ سەر سووریە، یاسا مرۆییەکانی پێشێل کردووە و شوێنەکانی وەک ماڵەکان، دامەزراوە پزیشکی و نەخۆشخانەکان، مزگەوت و بازاریان بوردوومان کردووە کە کوژرانی زیاتر لە ٧١٠ کەسی خەڵکی مەدەنی لێ‏کەوتووەتەوە.

بۆردوومانەکانی ڕووسیە لە سووریە، لە ٣٠ی سێپتامبرەوە دەستی پێکردووە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، هەتاکوو ئێستا، ٢١٣٢ کەس کوژراون، کە بەپێی ئەو ئامارە، یەک لەسەر سێی قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی بوونە.

ئەو ڕاپۆرتە باس لە کوژرانی ٧١٠ کەس خەڵکی مەدەنی دەکات کە لە نێو کوژراوەکاندا، ١٠٤ ژن و ١٦١ منداڵ و مێرمنداڵ، کە تەمەنیان لە خوار ١٨ساڵانەوەیە بەرچاو دەکەوێت.

لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، لە مارسی ٢٠١١وە هەتاکوو ئێستا، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، کە بەشێک لەو کوژراوانە لە دەرەوەی سنوورەکانی سووریە ئاوارە بوون.