لێبووردنی نێونەتەویی پەرۆشی دۆخی ئاسۆ ڕۆستەمییە

20:17 - 27 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ بە پەرۆش بوونی خۆی بە نیسبەت دۆخی دوو چالاکی سیاسی لە زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دۆخی دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی ئاسۆ ڕۆستەمی و ئومید عەلی‌شناس بوونەتە هۆی پەرۆشیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی.

ئەو ڕێکخراوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو زیندانییە تەنیا بە هۆی \" چالاکیی ئاشتیخوازانە\"وە دەستبەسەر و زیندانی کراون.

\"28827.jpg\"
ئاسۆ ڕۆستەمی
هەروەها ئەمنێستی ئینتێرنەشناڵ، بە نیسبەت دۆخی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین و بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە زیندانیانی ئاماژە پێکراو، نیگەرانە و خوازیاری ڕاگرتنی هەڵسوکەوتی نەشیاو لە گەڵ ئەو زیندانیانە بووە.

شایانی باسە ئاسۆ ڕۆستەمی، تەمەن ٢٨ ساڵ، کە پێشینەی چالاکی لە بواری مافەکانی منداڵانی هەیە، سەرەتای خەرمانانی ئەمساڵ توشی نەخۆشیی مێشک بوو.

پێشتر ڕۆت یۆتنێر، کارناسی کاروباری ئێران لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی _ لقی ئاڵمان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچەوێلە گوتبووی: \" ئاسۆ ڕۆستەمی و ئومید عەلی‌شناس بێ‏تاوانن و نادادپەروەرانە لەلایەن دادگاوە بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کراون.

ئاسۆ ڕۆستەمی، لە نێوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا و دوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە مەبەستی پشتگیری لە \"بەرخۆدانی کۆبانێ\" لە بەرانبەر بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری تاران، هاوڕێ لەگەل چالاکێکی دیکەی مەدەنی بەناوی عەلی نووری، دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.