لێبووردنی نێودەوڵەتی دەسبەسەرکرانی "زارا محەممەدیـ"ـی سەرەڕۆیانە وەسف کرد

10:43 - 24 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە بانگەوازێکدا داوای ئازادکرانی بێمەرجی "زارا محەممەدی"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ـی کرد.

کاناڵی تێلێگرامیی بەشی "فارسیـ"ـی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، داوای لە هاووڵاتییان کرد کە به ناردنی نامە بۆ "محەممەد جەباری"، دادستانی گشتیی سنە، داوای ئازادکردنی بێمەرجی "زارا محەممەدی" بکەن.

لەو بانگەوازەدا هاتووە، "زارا محەممەدی" لە چالاکانی مەدەنیی کورد، بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی  کۆمەڵگەی کوردی کە لەژێر ستەمدان، لە ڕێگای فێرکردنی زمانی کوردییەوە، دەسبەسەر کراوە و بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" تۆمەتبار کراوە.

"زارا" سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردی بووه.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانـ"ـیان داوەتە پاڵ "زارا محەممەدی".

پارێزەرەکانی ناوبراو باسیان لەوە کردووە، لە دۆسیەی "زارا محەممەدیـ"دا هیچ هۆکارێک یان بەڵگەیەک کە بتوانێت ئەو تۆمەتە پشتڕاست بکاتەوە، بوونی نییە.

ئیتلاعات هەڕەشەی لە "زارا محەممەدی" کردووە کە لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، ئەندامانی بنەماڵەکەی دەسبەسەر دەکات.

"زارا محەممەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و مامۆستای زمانی کوردی لە سنە، لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بە هۆکارگەلی ناڕوون لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.