لێبوردنی نێونەتەوەیی: هێندێک لە زیندانییەکان لە زینداندا تەندروستیان بە بارمتە گیراوە

16:05 - 29 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە زیندانیان سیاسی و عەقیدەتی بڵاوی کردوە کە هێندێک لە زیندانیان لەگەڵ مردن بەرەوڕوون و تەندروستیان لە بارمتە دایە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ژووئیە بەرانبەر بە ٢٨ی پووشپەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی_عەقیدەتی بڵاو کراوەتەوە کە باس لە دۆخی ناڵەباری نەخۆشەکان، کە بە هۆکاری سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی ئێران دان، دەکات و هۆشداری داوە، بە حکوومەتی ئێران، کە بەرپرسانی زیندان، زیندانییەکانیان لە دەوا و دەرمان و ئیمکاناتی پێویست بێبەش کردووە و ئەوان لەگەڵ مەترسی مردن بەرەوڕوون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، دەزگای قەزایی ئێران، بە تایبەتی دەفتەری دادستانی و ئیداراتی زیندانەکان، بەئانقەست لە دانی ئیمکات بە زیندانییەکان سەرپێچی دەکەن، هەتا لەو ڕێگەیەوە بتوان بۆ ترساندن و سزادان یان گۆڕینی بیروباوەڕی ئەوان کەڵک وەربگرن.

\"فیلیپ لوتێر\"، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاماژەی بە دوخی تاڵی زیندانییەکان کردوە و دەڵێت، بەڕێوەبەرانی زیندانەکان لە ئێران، نەخۆشیی زیندانییە سیاسی_عەقیدەتییەکان زۆر بێ‌بەزەیانە ئینکار دەکەن و تەندروستیان بە بارمتە گرتوونە.

لەو ڕاپۆڕتەدا ئاماژە بە ١٨حاڵەت کراوە، کە لەوەێدا بارودۆخی زیندانییان زۆر مەترسیدارە، بەڵام دەفتەری دادستانی لە زۆربەی کاتەکاندا حازر نیە ئیزنی گواستنەوەی ئەوان بۆ نەخۆشخانە یان ڕەوانەکردنی ئەوان بۆ مەرەخەسیی دەرمانی بدات و تەوسیەکانی پزیشکانیش لەبەرچاو ناگرن و ئینکاری دەکەن.

هەر لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ناوی ‌هێندێک لە زیندانییە سیاسییەکان، وەک زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد کە لەگەڵ ئەگەری کوێر بوون بەرەو ڕوویە و بە گوتەی بنەماڵەکەی هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئازار و ئەشکەنجە، هەروەها بەرپرسانی زیندان چەند جارێک داوکاریی ناوبراویان بۆ گواستنەوەی لە نەخۆشخانە ڕەت کردوەتەوە و گوتوویانە دەبێ تۆبە بکات.

هەروەها ناوی ئەفشین سۆهراب زادە زیندانی سیاسیی کورد کە بە ٢٥ ساڵ زیندانی حوکم دراوە، عەفیف نەعیمی یەکێک لە ڕێبەرانی ئەنجومەنی بەهاییەکان و ئومید کەوکەبی کە ناوبراون لەگەڵ نەخۆشی شیرۆپەنجە بەرەوڕوون، ئاماژەیان پێ کراوە.

زۆربەی زیندانیانی سیاسی لە نەخۆشییه ئازاردەرکان لە زینداندا ئازار دەچێژن و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو هەڵسووکەوتەی بەرپرسانی زیندان دەستیان داوەتە مانگرن هەتا لەو ڕێگایەوە بتوانن بەرپرسانی زیندان ناچار بکەن، کردەوە لە خۆیان نیشان بدەن، بەڵام لە هێندێک حاڵەتدا ئەو کارەی زیندانییەکان لەگەڵ سزای توندی بەرپرسانی زیندان بەرەوڕوو بوونەوتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە لایەن پارێزەرێکی ئینگلیسیەوەبە ناوی\"پیتر بننسون\" لە ساڵی ١٩٦١ی زایینی لە شاری لەندەن دامەزراوە و ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە دادکۆکی کردنە لە مافی مرۆڤ بەو جۆرەیەکە لە ڕاگەیەنراوی مافی مرۆڤی جیهانی و ستاندارە نێونەتەوەییەکانی دیکەدا هاتووە.