لێبوردنی نێونەتەوەیی لە سێدارەدانی محەممەد سەلاسی مەحکووم کرد

16:14 - 29 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیاندراوێکدا لەسێدارەدانی یەکێک لە دەروێشەکانی گونابادی نیعمەتوڵڵایی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان بڵاوی کردووەتەوە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی محەممەد سەلاسی مەحکووم کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەم لەسێدارەدانە نیگەرانیگەلێکی جیدی لە بارەی دادپەروەرنەبوونی ڕەوتی قەزاییی ئەم دۆسییەی لێ کەوتووەتەوە. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە کەڵکوەرگرتن لە لەسێدارەدان پێشینەیەکی هەژێنەر و دڵتەزێنیان هەیە، جێبەجێکردنی ئەم حوکمە پێشێلکردنی حاشالێنەکراوی دادپەروەری و دژایەتی لەگەڵ ویژدانی مرۆڤایەتییە؛ بەرپرسان ڕێژیم، ناڕەزایەتییە فراوانەکانییان لە بەرچاو نەگرتووە و کارێکیان کردووە، کە نەتەنیا ئەم حوکمە دادپەروەری نەبێت بەڵکوو تۆڵەسەندنەوەیش بێت.

هەروەها لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"محەممەد سەلاس ڕایگەیاندبوو، کە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بووە، کە ئەو دان بەو تاوانە بنێت. بەشێک لەم دانپێدانانە لەسەر تەختی نەخۆشخانە لە ناوبراو وەرگیرابوو و لە حەوتووەکانی پێش دەستپێکردنی ڕەوتی دادگاییەکەی لە کەناڵە تەلفزیۆنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کرابوونەوە. ئەم دانپێدانانە تەنیا بەڵگەی مەحكوومکردنی ئەو لە دادگادا بوون. محەممەد سەلاس هیچ کاتێك لە ماوەی لێكۆڵینەوە و ڕەوتی دادگاییدا مافی گرتنی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی نەبووە و داوا بەردەوامەکانی پارێزەرەکەی بۆ خستنەڕووی بەڵگەی بێتاوانی محەممەد سەلاس لە لایەن بەرپرسانەوە پشتگوێ خراوە\".

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدانی محەممەد سەلال جێبەجێ کرا.

ئەم دەروێشە گونابادییە بەوەی تاوانبار کرابوو، کە لە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ لە کاتی تێکەڵچوونی دەروێشەکانی گونابادی لەگەڵ مەئموورانی ناجا لە شەقامی پاسدارانی تاران، بە ئۆتوبووس، سێ کەس لە مەئموورانی کوشتووە.

لقی ٣٩ی دادگای کەیفەریی یەکی تاران لە دادنامەیەکدا، ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦، محەممەد سەلاسی بە تۆمەتی \" سێ جار کوشتنی بەئەنقەست\" بە سێ جار قەساسی نەفس و بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە پەسەند کردبوو، کە لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە.