لێبوردنی نێونەتەوەیی: بەرگریکردن له دەستپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان به خزمەتگوزاریی دەرمانی، نموونەیەک لە ئەشکەنجەیە

15:54 - 2 پووشپەڕ 2718
هەواڵدەریی کوردپا: لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد، کە چارەسەرییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی زیندان بۆ زەینەب جەلالیان دابین بکەن.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆیییه ڕایگەیاندووه: بەرپرسانی ئێران به پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالیان به خزمەتگوزاریی پزیشکی، ئەو زیندانییە ژنەیان ئەشکەنجە داوە. بارودۆخی تەندروستیی زەینەب جەلالیان لە زیندانی \"خۆی\" لە پارێزگای \"ورمێ\" بەرەو خراپتربوون دەڕوات و دەوترێ کە ناوبراو تووشی نەخۆشیی دڵ و چڵکی دەم و ددان بووە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها دەڵێ: ئەم زیندانییە کوردە لە حاڵێکدا حوکمی ناڕەوای زیندانی خۆی تێپەڕ دەکات کە نەخۆشە و لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو بێبەرییە. لە سێ مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی پزیشکیی زیندانی \"خۆی\" داوایان کردووە، کە ناوبراو به هۆی چڵکی لەڕادەبەدەری دەم و ددان و وەرگرتنی چارەسەر لە زیندان بڕواتە دەرەوە، بەڵام داواکارییەکەیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕەت کراوەتەوە و ئەمنییەتی بوونی دۆسییەکەیان به هۆکاری ئەم ڕێگریکردنە ناو بردووە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆیییه، داوای لە بەرپرسانی رێژیم کردووە، کە به زووترین کات چاوەدێرییە پزیشکییە پێویستەکان وەک نەشتەرگەری چاو و دەرمانی ددان لە دەرەوەی زیندان بۆ زەینەب جەلالیان دابین بکات و ناوبراو لە ئەشکەنجە و ئەنجامدانی کردەوەی ناشیرین سەبارەت به پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی به چاوەدێریی پزیشکی بپارێزێت.

لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی لە سەر ئازادیی بەپەلەی ئەم زیندانییە سیاسییه کوردە و دابینکردنی مافی قەرەبووی خەسارەکان کردووەتەوە و وتوویە: ئەبێ لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە، سەربەخۆ و بێلایەنانە سەبارەت به سکاڵا پێوەندیدارەکان به جۆرەکانی ئەشکەنجە و ئەو کردەوە ناشیرینانەی کە بەرانبەر بە زەینەب جەلالیان ڕووی داوە بکرێت و هەموو ئەو بەرپرسانە بە شێوەی ڕەوا دادگایی بکرێن.

زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری \"ماکۆ\"یە و لە ڕەشەمەی ساڵی ٨٦دا، لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا. دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران ناوبراوی به تاوانی \"محاربه\" و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا سەرەتا به لەسێدارەدان و دواتر به زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد.