لێبوردن سەركەوت بەسەر تۆڵەدا/ لاوێكی پاوەیی لە مردن ڕزگاری بوو

15:36 - 8 رەزبەر 2715
ئاژانسی كوردپا: بنەماڵەی هاووڵاتییەكی پاوەیی كە كوژرابوو، بە بەخشینی سزای سێدارەی بكوژی ڕۆڵەكەیان، ژیانیان بۆ لاوێكی دیكە گەڕاندەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەشێك لە كەسایەتییە فەرهەنگی و مەدەنییەكانی شاری پاوە چوونەتە ماڵی نەزیف ڕۆستەمی و توانیویانە ڕەزایەتی ناوبراو بۆ بەخشینی بكوژی كوڕەكەیان بەدەست بێنن.

ئەو چاوپێكەوتنە، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٦ی ڕەزبەر، لە مەزگەوتی گوندە \"بانەوڕە\"ی پاوە و بە خوێندنەوەی دەقی ڕەزایەتننامەی بنەماڵەی ڕۆستەمی و بە بەشداریی بنەماڵەی بكوژی كوڕەكەیان بەڕێوە چووە.

\"28722.jpg\"
مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ، بەهۆی كێشەیەكەوە كە لە گوندی \"چۆڕەژێ\"ی پاوە هاتە ئاراوە، كەسێك بەناوی سەبوور ڕۆستەمی بە چەند زەربەی چەقۆ گیانی لەدەست دا. ئارمان مورادی كە بە تاوانی كوشتنی ناوبراو دەستبەسەر كرابوو، پەیوەندیی خزمایەتی لەگەڵ كوژراوەكەدا هەبووە.

سەرچاوەكانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە كە عەبدوڵڵا عوسمانی خێرخوازی خەڵكی بانەوڕە و هەروەها جەلیل بەهرامی‏نیا بە نوێنەرایەتی خەڵكی \"بلە\" لەو پەیوەندیەدا ڕۆڵێكی باشیان گێڕاوە.

سزای \" قصاص نفس\" لە یاسای ئێراندا بە مەبەستی سزادانی قەتڵی ئەنقەست لەبەرچاو گیراوە و جێبەجێ‏كردنی مافی بنەماڵەی كوژراوە و دەتوانن بیبەخشن و یان بە مەبەستی جێبەجێ‏كردن بیدەن بە دەستی حاكمی شەرعەوە.

ئێران یەكێك لەو وڵاتانەیە كە زیاترین ڕێژەی ئێعدامی تێدا بەڕێوە دەچێت و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی ناوەندە نێونەتەوەییەكان.