لیستەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو کرایەوە

16:18 - 28 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوی پێشێلکارانی مافی مرۆڤی لە کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

لەو لیستەدا ناوی ئەو کەسانە بڵاو کراوەتەوە، کە لە بەرپرسانی دادوەریی و ئیتلاعاتیی حکوومەتی ئێران لە شاری سنەن.

لەو لیستەدا ناوی بەرپرسانی قەزایی و ئیتلاعاتی ئێران وەک: \"جەباری، ئەکبەر جەوهەری، کولیوەند، موجتەبا شیرود بزۆرگی، عەبدوڵڵا دێهقان، سادق سەمەدی، برایانی زارعی، مەهدی فەرزی، ئازاد حیکمەت وعیسا نەخعیی کەماڵئابادی\" هاتووە، کە لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستانن.

جەباری، سەرۆکی حیفازەتی دادگوستەریی کوردستان، یەکێک لە بێڕەحمترین و گەندەڵترین دادوەرەکان لە شاری سنەیە.

ئەکبەر جەوهەری، دادستانی ناوەندیی پارێزگای سنەیە؛ ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە پۆستەکەی خۆیدا تەنیا واژۆکاری تیمەکانی لێپێچینەوەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپایه.

کولیوەند، دادوەری چاوەدێر بە سەر زیندانییانی ناوەندیی سنە و حەیدەری سەرۆکی ناوەندیی زیندانە، ئەو دوو کەسە مافی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی پێشێل دەکەن.

موجتەبا شیروود بزۆرگی، سەرۆکی ڕێکخراوی قەزاییی هێزە چەکدارەکان لە کوردستانە و ناوبراو هۆکاری سەرەکییە کە ناهێڵێت کوشتاری کۆڵبەران بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

عەبدوڵڵا دێهقان، مەئمووری دیارکراوە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتە، کە لە دادگوستەریی گشتیی سنەدا کار دەکات. ناوبراو ڕابتی نێوان دزەگا ئەمنییەتییەکان لەگەڵ لقەکانی دادگای ئینقلاب لە سنەدایە و ڕۆڵێکی گەورەی لە دۆسییەی کەسانی سیاسی و ئەمنییەتیدا هەیە.

سادق سەمەدی، بەڕێوەبەری حەراسەتی تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی لە سنەدایە، ناوبراو سەرەتاکانی دەیەی ٧٠ لە کۆمیتەکانی ئینقلابی ئیسلامیدا و دواتر لە وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای سنەدا کاری کردووە.

برایانی زارعی، ئەو کەسانە هەر کامەیان بەرپرسایەتییەکی جیاوازیان هەیە و لە دەسبەسەرکردنی کەسانی ژینگەپارێزدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە.

مەهەدی فەرزی، جێگری فەرهەنگیی نوێنەری وەلی فەقیهـ لە سنەیە و هیچ خوێندەوارییەکی نییە، بەڵام لە هەموو کاروبارێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا دەستێوەردان دەکات.

ئازاد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتیی موخابراتی سنە، ناوبراو ڕاستەوخۆ کاری گوێدێری (شنود) دەکات.

عیسا نەخعیی کەماڵئابادی. سەرۆکی یەکەمین هەیئەتی پاکسازیی لە سنەیە کە ڕاستەخۆ لە لایەن خومەینییەوە دیاری کراوە و لەسەر کاروباری دامەزراندن کار دەکات.

دەقی ئەو لیستەیە لە بەشی فارسی کوردپا دانراوە.