لیستی ناوی زیندانییانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ

14:33 - 18 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ٧٠ کەس لە زیندانییانی سیاسی کورد، لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، دان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٧٠ زیندانیی سیاسی لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگیراون و ئەو زیندانییانە لە دادگاکانی ئینقلاب بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە و تەنابی دژی ئەمنییەتی تەناهی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندام یان لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کراون.

عۆسمان مستەفاپوور، کۆنترین زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ دایە.

لیستی ناوی ٧٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، لە لایەن یەکێک لە بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نێردراوە،کە ناوی لەلایەن ئاژانسی کوردپا، پارێزراوە.

ئەو لیستە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندان، چاپ و بۆ ڕێکخراوی زیندانەکان و \"اقدامات تامینی و تربیتی\" ئێران، ڕەوانە کراوە.

لەو لیستەیەدا، ناوی هێندێک کەس هاتووە کە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون یان کەوتوونەتە بەر لێخۆشبوونی قەزاییەوە.

زیندانی ناوەندی ورمێ ١٣ بەندی هەیە و لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دامەزراوە و لە جادەی دەریای ورمێ، هەڵکەوتووە و ناوەندی کونتڕۆڵ کردنی ئەم زیندانە، ڕێکخراوی زیندانەکانی قوەی قەزاییەیە.

لە کۆی ئەو ٧٠ کەس، تەنیا یەک زیندانیی سیاسی تورکە، ٦٩ زیندانی دیکە کوردن.

ناوی ئەو ٧٠ زیندانییە سیاسیە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.