"لوقمان ئەحمەدپوور" لە زیندانی سنە لەسێدارە درا

11:41 - 3 بانەمەڕ 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی "لوقمان ئەحمەدپوور" خەڵکی بانە، زیندانیی تاوانبار بە "کوشتنی بەئەنقەست"، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە ماوەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە بانە دەسبەسەر کرا و دواتر بە قیساس مەحکووم کرابوو.

"لوقمان ئەحمەدپوور"، تەمەنی ٣٠ ساڵە، هەروەها خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، "شایان سەعیدپوور"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.

ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، "شایان سەعیدپوور" لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێک بە ناوی "سلێمان ئازادیـ"ـی کوشتبوو.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وەفاییان" بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە.