لوقمان وەحیدی: بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستیم بە یارمەتی ماڵی هەیە

15:42 - 28 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار پاش تەقینەوەی مین به لاق و چاویەوە، کەمئەندام بوو و ئێستاش توانای دانی تێچووی چارەسەریی پزیشکی نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"لوقمان وەحیدی\" تەمەن ٣٦ ساڵ و کوڕی خدر خەڵکی شاری پیرانشار، کە بە هۆی تەقینەوەی مین چاو و لاقی لە دەستدا بوو، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە دانی بڕی ٢٣ میلیۆن تمەن پارەی نەختی مەحکووم کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"من لە هەمبەڕ بڕینەوەی ئەو حوکمه لە لایەن دادگای شاری پیرانشارەوە ناڕەزایەتیم دەربڕیووە، بەڵام هەتا ئێستا حوکمی یەکجارەکی لەو باریەوە نەدراوە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"من بە هۆی دەستکورتی و هەژاری توانای دانی تێچووی چارەسەری پزیشکیم نییە و بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستم بە یارمەتی ماڵی هەیە\".

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە وڵامدانەوە به هەواڵنێری کوردپا بە نیسبەت هۆکاری بڕینەوەی ئەو حوکمە لە لایەن دادگای شاری پیرانشارەوە، خۆی بوارد.

ئەم کۆڵبەر کوردە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە کاتی کۆڵبەری لە کوێستانی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بوو.

زۆربەی کۆڵبەرانی قوربانی مین، سەرپەرەستی بنەماڵە و لە توێژی هەژارەکانن و هەتا ئێستا ئەم کۆڵبەرانە لە لایەن ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە پشتیوانیان لێ نەکراوە و لەو پەیوەندییەشدا، یاسایەک بۆ پشتیوانی لەوان ڕێک نەخراوە.