لوقمان عەبدولقادر: 800 سكاڵامان بە دژی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری چەكی شیمیایی تۆمار كردووە

21:05 - 23 رەشەمه 2711
كوردپا: سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیا بارانی هەلەبجە رایگەیاند، لە بواری یاساییەوە توانیومانە نزیك بە 800 سكاڵا لەسەر چەندین كۆمپانیا تۆمار بكەین كە كاتی خۆی چەكی كیمیاییان بە حكوومەتی بەعسی عێراق فرۆشتبوو.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەلەی قوربانیانی كیمیا بارانی هەڵەبجە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە وەكوو ساڵەكانی پێشوو ئامادە كاری بۆ كراوە و هەتا رادەیەك ئامادەكارییەكان وەزارەتی شەهیدان وەئەستۆی گرتووە و ئامادەكارییەكان قوناغێكی باشی تێپەڕاندووە و بڕیارە رۆژی 26‌ی رەشەممە كاتژمێر 11 و نیو رێوڕەسمەكە دەست پێ‌ بكات.

لوقمان عەبدولقادر وتیشی: دوو رۆژ بەرلە دەسپێكی رێوڕەسمەكە كۆمەڵێك چالاكیی دیكە بەڕێوە دەچێت و یەك لەو چالاكیانە بریتیە لە هەڵدانی خێوەت و پیشاندانی وێنەی قوربانیان.

ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستە روو، لێژنەیەك لە \"ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی بریندارانی شیمیایی سەردەشت\"یش بانگهێشتی ئەو رێوڕەسمە كراون و بڕیارە پێشانگایەكی تایبەت بە قوربانیانی هەڵەبجە بكرێتەوە.

لوقمان عەبدولقادر لەمەڕ هەوڵدان بۆ بە فەرمیی ناسینی شیمیایی بارانی هەڵەبجە لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وتی: ئێمە لە حاڵی حازردا لە \"رێكخراوی پێشگیری لە پەرەسەندنی چەكی شیمیایی\" بووینەتە ئەندام و ئەو رێكخراوە بۆ نەهێشتنی چەكی كۆمەڵكوژ خەبات دەكات و بۆ ماوەی 2 ساڵە لە كۆنفرانسی ئەو رێكخراوەدا بەشداریی چالاكانە دەكەین.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیا بارانی هەلەبجە لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ ئاژانسی كوردپا روونیشی كردەوە، لە بواری یاساییەوە توانیومانە نزیك بە 800 سكاڵا لەسەر چەندین كۆمپانیا تۆمار بكەین كە كاتی خۆی چەكی شیمیاییان بە حكوومەتی بەعسی عێراق فرۆشتبوو و بڕیارە ئەو سكاڵایانە لە دادگاییەكی ئەمریكاییدا لێكۆلینەوەیان لەسەر بكرێت.

شاری هەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، رێكەوتی 25ی رەشەمەی 1366ی هەتاوی لەلایەن حكومەتی رووخاوی \"بەعس\"ەوە بۆمبارانی شیمیایی كرا و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی كورد بوونە قوربانی.