لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، چالاکێکی مەدەنیی بە ٣ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد

13:50 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سێ ساڵ زیندان، مەحکووم کرا.

موختار زارعی، چالاکێکی مەدەنیی کورد لە کاناڵ تلێگرامیی خۆیدا، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ژێر ناوی \"خەلخالیسم\" باسی لە بڕینەوەی حوکمی سێ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە و تەبانی\" لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرد.

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: \"لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی بێڕێزی بە رێبەری نیزام، دوو ساڵ و پڕوپاگەندە دژی نیزام، بە ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوم و هەنووکەش لقی یەکی دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی، سێ زیندانیی بۆم بڕیووەتەوە و کە سەرجەم دەگاتە ٦ ساڵ.\"

ناوبراو دەڵێت: \"لە گرتە ویدیۆیەکی یەک خۆلەکیدا، لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە هەمبەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، داوام لە خەڵک کردووە لە هەمبەر لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی بێدەنگ نەبن و دژکردەوەیان هەبێت و لە ماڵی ناوبراو بمێنەوە و مۆمێک هەڵبکەن.\"

ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە شێوەی \"غیابی\" بۆ موختار زارعی بڕیەوە.

هەروەها ناوبراو بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام\" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و بە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری سزا کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گلاوێژی ئەمساڵ، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکی لە گرتووخانە ئازاد کرا.