لاپەڕەی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: کۆڵبەرێکی دیکە، منداڵێکی دیکە کە چیدی باوکی نابینێتەوە

12:24 - 24 بانەمەڕ 2720

لاپەڕەی بەشی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری سەردەشت دژکردەوەی نیشان دا.

لاپەڕەی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی "کامران مەولانیا"، کۆڵبەری کوژراو لە سنووری سەردەشت، نووسیویەتی: "شەو کە نووستی، بەیانی کە لە خەو هەڵدەستی جینایەتێکی دیکە بە ڕیزی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی زیاد دەبێت، ناوی کۆڵبەرێکی دیکە لە ڕیزی قوربانییانی ئەو حکوومەتەیە، کۆڵبەرێک، منداڵێک کە چیدیکە باوکی نابینێتەوە".

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "کامران مەولانیا" کوڕی "ئیسماعیل"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەوەڵانـ"ـی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

"کامران مەولانیا" خێزاندار و باوکی کچێکی کەم تەمەنە.