لاوێكی پیرانشاری بەهۆی سەرما و سۆڵەوە رەق هەڵات

14:57 - 20 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی پیرانشاری لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی رابردوو رێكەوتی ١٩ی رەشەمە لاوێک بەناوی \"سالار بیک‌شۆ\"، تەمەن ٢٨ ساڵ و كوڕی عوسمان و خەڵكی پیرانشار بەهۆی سەرماوە رەق هەڵاتووە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو لاوە لەشوێنێک بەناوی \"كانی خودا\" لەسنووری كوردستانی ئێران و هەرێمی كوردستان تووشی ئەو رووداوە بووە و تەرمەكەی لەلایەن خزم و كەسەكانی دۆزراوەتەوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەرمی \"سالار\" رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە و لەنەخۆشخانەی پیرانشار راگیراوە.

هاووڵاتیان و كۆڵبەرانی كورد بە بەردەوامی لەكاتی سەرما و سۆڵەدا تووشی رووداوی لەم چەشنە دەبن و هێندیک جاریش بۆ ماوەی چەندین رۆژ تەرمەكانیان نەدوزراوەتەوە.

ماوەیەک لەمەوبەر بارینی بەفری زۆر و دروست بوونی سەرما و سۆڵە، لە ناوچە كوێستانییەكانی ناوچەی ورمێ لە سنووری وڵاتی توركیە، چوار كۆڵبەری كوردی خەڵكی ناوچەی \"مەرگەوەڕ\"‌ی ورمێ گیانیان لەدەست دا و تەرمەكانیان دوای چەندین رۆژ لەژێر بەفر دەرهێنرانەوە.