لاوێكی كورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ‌ لە ئاودا خنكا

20:01 - 24 بانەمەڕ 2712
كوردپا: لە سەیرانگای سوورە دووکەڵی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ‌ لاوێكی كورد كەوتە ناو تاڤگەی سوورە دووكەڵ و هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی 22ی بانەمەڕ، لاوێكی كورد بەناوی \"ئیسماعیل پریوە\" تەمەن 29 ساڵ، كوڕی عومەر خەڵكی گوندی \"دزەی مەرگەوەڕ\" كە لەگەڵ كۆمەڵێكی دیكە بۆ بژیوی ژیانیان سەرقاڵی كۆكردنەوەی گیای خواردن و رێواس بوون، لە تاڤگەی سوورە دووكەڵ بەربۆتەوە و لە ئاودا خنكاوە.

بە وتەی دانیشتوانی ناوچەی مەرگەوەڕ بەهۆی نەبوونی پەرژین و مێڵەی ئاسنی لە دەورووبەری ئەو تاڤگەیە ساڵانە چەندین كەس بەهۆی بەربوونەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391 و لە ماوەی نزیك بە 55 رۆژی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 12 هاووڵاتیی كورد بەهۆی جۆراوجۆر گیانیان لەدەست داوە.