لاوێكی كورد دوای دوو مانگ راگیران لە گرتنگەدا، بۆ گرتووخانەی شاری مەریوان راگوێزرا

14:25 - 22 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لاوێكی خەڵكی ئاوایی \"نێ‌\"ی سەر بە شارستانی مەریوان دوای دوو مانگ راگیران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بۆ زیندانی ناوەندی شاری مەریوان راگوێزرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، وریا فەرەجی تەمەن 25 سال كوڕی عەبدوڵڵاَ كە رێكەوتی 19‌ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەناوچەی سنووری \"پیران\"ی سەر بە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرابوو، رەوانەی زیندانیی ناوەندی ئەو شارە كرا.

ئەو هاووڵاتییە كوردە ماوەیەك لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كرێكاری بووە و لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ئێران هاوڕێ‌ لەگەڵ لاوێكی دیكە بەناوی پشتیوان ئەفسەری تەمەن 20 ساڵ كوڕی سوهراب دەستبەسەر كران.

رێكەوتی 14‌ی گەلاوێژ پشتیوان ئەفسەری هاوڕێ‌ لەگەڵ دوو كەسی لە زیندانی تاكەكەسیەوە رەوانەی زیندانی ناوەندی ئەو شارە كراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەو لاوە كوردە لە ماوەی راگیرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، لەژێر زەخت و گوشار و هەورەها ئەشكەنجەدا بووە.

لەلایەكی دیكەوە بنەماڵەی وریا فەرەجی دوو رۆژ پێشتر توانیویانە چاویان بە كوڕەكەیان لە زیندانی ناوەندی شاری مەریوان بكەوێت.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا رایگەیاند، ئەو 5 هاووڵاتییەی ئاوایی نێ‌ كە دەستبەسەر كرابوون، سەرجەمیان رەوانەی زیندانی گشتیی كراون.

لەحاڵی حازردا هیچ زانیارییەك لەمەڕ بارودۆخی دوو دەستبەسەر كراوی دیكەی مەریوانی بە ناوەكانی عەلی تاسە و عەبید زارعی نیە.