لاوێكی سەقزی لە پاكستان خۆی تەقاندەوە

17:18 - 3 بانەمەڕ 2712
كوردپا: لاوێكی تەمەن 18 ساڵی خەڵكی شاری سەقز كە سەر بە گرووپی ئیسلامییە توندئاژۆكان بووە، لە وڵاتی پاكستان خۆی تەقاندۆتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"شۆڕش قاسمی\" دانیشتووی گەڕەكی پشت شارەوانیی سەقز نزیك بە دوو مانگ لەمەوبەر لە وڵاتی پاكستان خۆی تەقاندۆتەوە.

ئەو لاوە تەمەن 18 ساڵانەیە دوو مانگ لەمەوبەر خۆی تەقاندۆتەوە، بەڵام هەواڵی ئەم رووداوە تازە بە بنەماڵەكەی راگەیەنراوە.

لە ساڵانی رابردووشدا چەند هاووڵاتییەكی خەڵكی جوانڕۆ كە ئەندامی گرووپی ئەلقاعیدە بوون، لە رووداوی هاوشێوەدا لە پاكستان و ئەفغانستان خۆیان تەقاندەوە، پێشتریش لاوێكی دیكەی خەڵكی گەڕەكی حاجی ئاوای سەقز لە وڵاتی ئەفغانستان لەگەڵ گرووپێكی سەر بە ئەلقاعیدە كەوتبووە بەر دەستڕێژی هێزە ئەمریكاییەكان و گیانی لەدەست دابوو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەكان بە شێوەی بەربڵاو دەستیان كردووە بە چالاكی و كۆمەڵێك لە لاوان و خەڵكی دیكە بوونەتە ئەندامیان و بۆ مەشق و راهێنانیش رەوانەی وڵاتانی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێن و ئەمەش بۆتە هۆی جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێ‌ لەناو هاووڵاتییانی كورد.