لاوێكی خەڵكی جوانڕۆ دەستی دایە خۆكوژی و گیانی لەدەست دا

17:03 - 11 بانەمەڕ 2712
كوردپا: گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ و خەڵكی شاری جوانڕۆ بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە بە چەک دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 10ی بانەمەڕ لاوێكی خەڵكی جوانڕۆ بەناوی سالم ئەحمەدی كوڕی عینایەت، تەمەن 24 ساڵ دانیشتووی گەڕەكی \"دۆڵی قڕگ\"ی ئەو شارە بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

\"4362.jpg\"


هەواڵنێری كوردپا ئاماژەی بەوەش داوە ئەو گەنجە لە یەكێك لە دووكانەكانی ئەو شارە سەرقاڵی ئیش و كار بووە و لەگەڵ بنەماڵەكەی كێشە كەوتۆتە نێوان و بە چەک دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

هۆکار و ئامارەکان:
بەپێی توێژینەوەی كۆمەڵناسان خۆكوژی وەكوو دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لە ئێران روو لە پەرەسەندنە و رۆژانە بەهۆی جۆراوجۆر و بەتایبەت لاوان دەست دەدەنە ئەو كارە و چوونە سەری خەسار و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەرەکی ترین هۆکار لە قەلەم دەدرێن.

لاوان وەک توێژی بزۆز کە ویست و داخازی زۆریان هەیە زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو دۆخ و خەسارە کۆمەڵایەتییانەوە و زیاترین ئاماری خۆکوژیش لەناو ئەم توێژە دایە.

لە بورای ئامار و رێژەی خۆكوژییەوە لە ئاستی ئێراندا پارێزگای كوردنشینی ئیلام پلەی یەكەم، پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان پلەی سێیەم و چوارەم دینە ئەژمار.

بە وتەی داریووش قەنبەری نوێنەری خەڵكی ئیلام لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە حەشیمەتی زیاتر لە 600 هەزار كەسیی ئەو پارێزگایە، ساڵی 1390 بەهۆی كێشەی ئابووری، بێكاری و نەبوونی توانایی بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوبەش 1200 كەس دەستیان داوەتە خۆكوژی و بەم بۆنەوە پلەی یەكەمی لەو بوارەدا هەی

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391 و لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 10 هاووڵاتیی كورد بەهۆی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆكوژی.

زۆربەی ئاماری خۆكوژییەكان لەناو توێژی كرێكار، هەژار و دەستەنگی كۆمەڵگا دایە و هۆكارەكەشی نەبوونی كار، گرانی و كێشە كۆمەڵایەتییەكانە و 4 كەس لەو 10 كەسە كرێكار بوون و لە شوێنی كار دەستیان داوەتە خۆكوژی.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.