لاوێكی تەمەن ١٧ ساڵەی كورد لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە كوژرا+وێنـــه

16:18 - 22 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: لاوێکی دیکەی کورد كە لەناوچە سنوورییەکانی پیرانشار سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئەو شارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢١‌ی گەلاوێژ \" سالار ئازەربرزین\" تەمەن ١٧ ساڵ و كوڕی ئەسكەندەر لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە گیانی لێ‌ئەستێنراوە.

بەوتەی یەكێك لەنزیكانی ئەو بنەماڵەیە، سالار بە هۆی هەژار و بێ‌دەرەتانی بنەماڵەكەی رووی لە كۆڵبەری سەر سنوور كردبوو.

سالار ئازەریە خەڵكی گەڕەكی \" كۆنەخان\"ی پیرانشار بوو، کە لەشوێنێک بەناوی \"خڕی دەڵاوان\" دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە

لەماوەی ئەم حەفتەیەدا دوو کۆڵبەری دیکەش لەلایەن هێزە نیزامییەکانی شاری پیرانشارەوە تەقەیان لێکراوە و بوونەتە قوربانی.

بەوتەی هاووڵاتیان، قەیرانی ئابووری لە پارێزگاكانی كوردستانی ئێران بە تایبەت لەناوچە سنوورنشینەكاندا خۆی زیاتر دەرخستووە و ئەو ناوچانە لە بوونی ناوەندی پیشەیی و فێركاری بێبەشن و هاووڵاتییانی كوردی ناچار كردووە روو لە كاری پڕمەترسیی كۆڵبەری بكەن، كارێك كە بە بەردەوام كوژران و بریندار بوونی كۆڵبەرانی لێدەكەوێتەوە.

ئەو بارەی كۆڵبەران كە بە پشتیان هەڵیدەگرن، بریتییە لە چای، شەكر، سیگار، كەلوپەلی ئارایشی، تەلەویزیۆن، و وەسایلی بەرقی.

بەپێی یاسای قاچاخی كاڵای حكوومەتی ئێران، تەنیا ئەو كەلوپەلانە دەچنە چوارچێوەی قاچاخەوە كە نرخەكەیان زیاتر لە یەك ملوێن تمەن بێت و ئەمە لەحاڵێكدا ئەو كەلوپەلانەی كە كۆڵبەران هەڵیدەگرن نرخەكەیان ناگاتە ئەو رادەیە.
\"21441.jpg\"

\"21442.jpg\"