لاوێكی كاسبكاری سه‌رده‌شتی كوژرا

21:10 - 21 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی كوردپا: كه‌سانی چه‌كداری سه‌ر به‌ هێزه‌كانی به‌سیجی شاری سه‌رده‌شت به‌ ته‌قه‌ی فیشه‌ك، گه‌نجێكیان كوشت.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا گه‌یشتووه‌، كه‌سانی چه‌كدار به‌یانی ئه‌مڕۆ ته‌قه‌یان له‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵان به‌ ناوی موحه‌ممه‌د مه‌لایی كوڕی حه‌مزه‌ كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا كوشتوویانه‌.

خزم و كه‌سی ئه‌م گه‌نجه‌ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا پشتڕاستیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ موحه‌ممه‌د له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كوژراوه‌ كه‌ ئه‌ندامی فه‌رمیی ڕێكخراوی به‌سیجن و شوناسی ئه‌وان بۆ بنه‌ماڵه‌ی حاجی حه‌مزه‌ ڕوونه‌.

\"28986.jpg\"
موحه‌ممه‌د مه‌لایی
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ مه‌رجی پاراستنی شوناسی ڕایگه‌یاند: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قه‌یان له‌ موحه‌مهمه‌د مه‌لایی كردووه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا سه‌رقاڵی فرۆشتنی ماده‌ی هۆشبه‌ری سه‌نعه‌تی له‌نێو گه‌نجانی سه‌رده‌شتدا بوون.

ناوبراو له‌مه‌ڕ كوژراوه‌كه‌ وتی: موحه‌ممه‌د خه‌ڵكی گوندی \"نشگوڵان\"ـه‌ و له‌ ٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی كاسبی كردن له‌ بازاڕچه‌ سنوورییه‌كان سه‌رقاڵی ژیان و كاسبی بووه‌.

ئاژانسی كوردپا به‌ هۆی هه‌ستیاربوونی بابه‌ته‌كه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی شوناسی ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ ته‌قه‌ كردن، خۆی ده‌پارێزێ.