لاوێکی کوردی خەڵکی کامیاران دەسبەسەر کرا

20:22 - 15 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لاویکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"بورهان کەمانگەر\"، لە شوێنی کارەکەیدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ئیتلاعات، هێرشیان کردووەتە سەر دووکانی مۆبایل فرۆشیی ناوبراو و پاش پشکنینی دووکانەکەی دەسبەسەریان کردووە.

هەروەها هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان بۆ سەر ماڵەکەی ناوبراویش کردووە و پاش پشکنینی ناوماڵەکەی، هەندێک لە کەلوپەلی کەسی ناوبراویان لەوانە، لەپ تاپی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو هاووڵاتییە کامیارانییە، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەریی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.