لاوێکی کوردی خەڵکی سنه دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

14:04 - 6 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنه پاش دەستبەسەرکران لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرایەوە.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان، لاوێکی کورد به ناوی \" مێهران محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"بزڵانە\"ی سەر بە شاری سنە، لە گەڕەکی \"عەباساوا\"ی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە پاش دەستبەسەر کران گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادار و لەمەڕ چارەنووسی هیچ زانییارییەک لە بەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند: سپای پاسداران ئەم لاوە کوردەی به تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

\"مێهران محەممەدی\" لە چالاکانی خوێندکاری و مەدەنیی شاری سنەیە.