لاوێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:00 - 7 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەمە، لاوێکی کورد خەڵکی شاری قوروە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، هەوڵی خۆکوژی دا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە بە ناوی\"ئومید بیگلەری\" خەڵکی ئاوایی \"قاملۆ\" سەر بەناوچەی ئەسفەناوای قوروە ڕاگەیەندراوە.

نائومیدی و بی هیوایی بۆ درێژەدان بە ژیان تایبەت بە چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگا نییە و هەر کەس لە هەلومەرجێکدا که دەگاتە قەیرانی بێ شوناسی و تاکەکەسی کە درێژەدان بە ژیان بە کارێکی نەگونجاو دەزانێ و لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕاستییە تاڵەشی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەر کەس و لە هەر چین و توێژێکدا دەکرێت لایەنی ڕەش و تاریکی لە ژیانی دا هەبێت کە کەسی خۆکوژ هەتا سنووری لە ناوچوون دەبات.

هەروەهاکۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێ هیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا ئەژمار دەکرێت.