لاوێکی کورد پاش بانگهێشت کردنی دووبارە بۆ ئێتلاعاتی شنۆ لەگەڵ ئەو هێزانە بەشەڕ هات

15:21 - 23 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، دووبارە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ناوبراو کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش لاوێکی کورد، خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"فەخرەدین ئەحمەدیان\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی \"دێگورجی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئێتلاعاتی ئەو شارە کرا و لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکان تووشی شەڕ و کێشە بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو لاوە کوردە بە نیسبەت بانگهێشتکردنی دووبارەی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات، ناڕەزایەتی دەربڕیبوو و بەو هۆیەوە لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکان تووشی شەڕ و کێشە بووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: لەو شەڕ و کێشەدا، فەخرەدین دەستی یەکێک لە هێزە ئێتلاعاتییەکانی شکاندووە.

ئەو سەرچاوە ئەوەی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەروو، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتووخانە ئازاد کراوە و لە پەیوەندیی لەگەڵ بەشەڕ هاتنی ناوبراو لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکان ٢٠ میلیۆن تمەن سزا دراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ماوەی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ ئەو هاووڵاتییە کوردەیان خستەبوو ژێر چاوەدێرییەوە.

فەخرەدین ئەحمەدیان مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، جارێکی دیکە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کرابوو و داواکاریی هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەبارەت بە هاوکاریی لەگەڵیان ڕەت کردبووەوە.