لاوێکی کورد لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی کوژرا

14:58 - 5 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی درایە بەر دەسڕێژی گووللە و گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی سالار دانیشتووی گەڕەکی ٣٢ میتری سەقز، کە خاوەنی ژن و منداڵە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕ لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە بەبیانوی هەبوونی باری قاچاخ، دەسڕێژی کرایە سەر کە لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.

ماوەیەک پێش ئێستاش لە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەکۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوری سەردەشت بوونە ئامانجی تەقەی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران کە بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"جەعفەر ئیبراهیمی\" گیانی لەدەستدا و ٢ کاسبکاری دیکەش بە توندی بریندار بوون.

ناوە بە ناوە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچە سنورییەکاندا کاسبکاران و کۆڵبەران کە لەم ڕێگە مەترسیدارە سەرقاڵی دابین کردنی بژێوی ژیانیانن دەکەونە بەر دەسرێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و لە هەندێک حاڵەتدا گیانیان لە دەست دەدەن.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، ٥٨ کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ئاکام ٢٩ هاووڵاتیی گیانیان لە دەستدا.