لاوێکی کورد لە ورمێ دەسبەسەر کرا

11:03 - 7 رەشەمه 2719

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ڕەشەمە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ورمێ لاوێکی کوردیان بە ناوی "سیروان محەممەدی" دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

بەپێی بەندی ١ی ماددەی ٩ی ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی مافی سیاسی و مەدەنیی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٦، هەموو کەس مافی ئازادی و ئەمنییەتی تاکەکەسیی هەیە و هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەی خۆسەرانە کەسێک دەسبەسەر بکات.

نەتەنیا دەسبەسەرکردنی تۆمەتبار دەبێ بۆ حاڵەتی تایبەت بەرتەسک بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێ تاوانباردەستبەجێ لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی لەلایەن پۆلیس یان بەرپرسانی دادوەرییەوە ئاگادار بکرێتەوە.