لاوێکی کورد لە ورمێ بە زەبری چەک کۆتایی بەژیانی هێنا

20:44 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری ورمێ بە زەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی \"راژان\"ی سەربە بەخشی سیلوانەی شاری ورمێ بەناوی ئەحمەد گیلانی‌زادە کوڕی سەید مووسا هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت، ئەو لاوە کوردە، کە خێزاندار و باوکی چەند منداڵێکیش بووە،بە زەبری گولـلە لە خۆی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

  \"19898.jpg\"
ئەحمەد گیلانی‌زادە ، خەڵکی گوندی \"راژان\" بە زەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا
زۆرترین حاڵەتەکانی خۆکوژی لە کوردستانات لە نیوان تەمەنەکانی ١٨ هەتا ٢٤ ساڵ‌دایە و بێکاری، هەژاری و کێشەی کۆمەڵایەتی بە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە قەلەم ئەدرێن.

لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا رێژەی خۆکوژی‌یەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی لەزیادبوون کردووە و ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان لە هەمبەر ئەو دیاردەیەدا نەبووە.

لەو بارەیەوە کۆمەڵناسان ئاماژە بە هەڵوێستی ناڕوونی ناوەندە گشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەتایبەت دەوڵەت دەکەن و بە هۆکارەکانی نەبوونی ئازادی لە قەڵمیان ئەدەن.

حوسێن قازیان دەڵێت: ئازادیی رادەربڕین، شتێکە بۆ ئەرکدار کردنی ناوەندە گشتی و بڕیارە گشتییەکان و بە شێوەی گشتی ئەرکدارکردنی بەرپرسان و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی بڕیارەکان بە شێوەیەکی شیاو جێبەجێ بکرێن و ئەم رووداوە تاڵانە کەمتر دووپات ببنەوە.