لاوێکی کورد لە دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی دەکرێت

13:36 - 6 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگایی کردنی لاوێکی کورد بە ناوی \"مەجید تیباش\"، کوڕی خالید، خەڵکی گوندی \"دزە\"ی ناوچەی مەرگەوەڕ، لە ورمێ بەڕێوە دەچێت.

یەکێک لە نزیکانی ئەم لاوە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بە ئەم لاوە کوردە هاوکاری لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و بانگەشە دژی نیزام ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە وتی: ئەم لاوە کوردە بە شێوە کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، مەجید تیباش پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا.

مەجید تیباش، ڕۆژی ٥ی بەفرانبار، پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەری ئیداری ئیتلاعاتی شاری ورمێ، دەسبەسەر کرابوو.

ئەم لاوە کوردە، بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، بۆ ستادی خەبەری ئیداری ئیتلاعاتی شاری ورمێ بانگهێشت کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم لاوە کوردە، لەسەر بڕیاری حەراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردی شاری ورمێ، بە هۆی ئەوەی کە لەسەر لەبتابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و ئەو وێنەیەی لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا پیشان دابوو، لە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک دەسبەسەریی لە گرتنگە ئازاد کرا.