لاوێکی کورد لە تەقینەوەی میندا کەمئەندام بوو

16:19 - 14 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە شاری بانە لاوێکی بەرکەوتووی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو لە دەوروبەری گوندی \"کۆپێچی سەروو\"ـی سەربە بەخشی ناوەندیی بانە لە پارێزگای کوردستان، تەقینەوەی مینی چێندراو، پەڕینی لاقی لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی لێکەوتەوە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بە \"ئیسماعیل عەزیزییان\" خەڵکی گوندی \"مەنیجەلان\" ڕاگەیەندراوە.

ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەو لاوە لە ڕۆژی سرووشت (سێزدە بەدەر) خەریکی گەشت و سەیران بووە کە تووشی تەقینەوەی مینی بەجێماوی دەورانی شەڕی ئێران ـ عراق دەبێ.

لاقی چەپی ئەو لاوە برینی کاریی هەڵگرتووە و لە ئێستادا لەژێر چاوەدێری پزیشکی لە نەخۆشخانەی \"صلاح‌الدین ایوبی\" دایە.

ئەمە دووهەمین ڕووداوی تەقینەوەی مین لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵی نوێدایە. پێشتر لە ناوچەی مەیمەکی سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام، لاوێک بە هۆی تەوقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار ببوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی ٥٢ هاووڵاتیی کورد، کە بە هۆی تەقینەوەیی مینەوە کوژراو و بریندار بوون، ٩ کەسیان منداڵن کە ٢ کەسیان کوژراوە و ٧ ی دیکەش بریندار بوون.

لینکی پەیوەندیدار:
تەقینەوە مین دیسان لە پارێزگای ئیلام قوربانی لێ کەوتەوە