لاوێکی کورد ٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا

20:39 - 10 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی گوندی \"نێ\"، سەر بە شاری مەریوان بە ٥ ساڵ زیندان سزا درا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،لاوێکی کورد بە ناوی \"سەلمان ئەفرا\"،تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی ڕەحمەت، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندان سزا درا.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران ئەم لاوە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ئێران\" بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، سەلمان ئەفرا بە بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی بەرێوەچوونی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم لاوە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە ڕێگەی تەلەفونەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان و دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیونی ئێران\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ لێپێچینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.