لاوێکی کورد بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرا
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوانیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی "ئامانج نیک پەی" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی "خالید"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو لاوە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "باوکی ئامانج بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی ئیتلاعاتی مەریوانی کردووە، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ناوبراویشیان دەسبەسەر و پاش ٨ کاتژمێر لێکۆڵینەوە، ئازادیان کردووە".
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.