لاوێکی کورد بە ٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا

18:32 - 11 جۆزەردان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی "ئالان بەنگین" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن دادسەرای نیزامیی شاری تەورێزەوە بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو لاوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، باسی لە سەپاندنی ٥ مانگ زیندانیکردنی لەلایەن دادسەرای نیزامیی تەورێز بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" کرد.

"ئالان بەنگین" سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە کاتی سەربازیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە، لاوێکی دیکەی خەڵکی  گوندی "کانی ڕەش" بە ناوی "یەحیا ئیبراهیمی" تەمەن ٢٠ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگویزرابوو.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو لاوە کوردە، لاوێکی دیکە بە ناوی "یووسف (فەرزاد) ئیبراهیم‌ زادە" کوڕی "محەممەدخالید" خەڵکی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تەورێز دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.