لاوێکی کورد بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا

12:26 - 5 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەوەکەی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی "سەید ئەیووب مووسەوی" کوڕی "سەید جەلال" و خەڵکی گوندی "میرئاوێـ"ـی شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو لاوە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ئەو لاوە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرا.

"سەید ئەیووب مووسەوی" پاش تەواوکردنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد و لە ماوەی دەسبەسەرکران و قۆناغی لێپرسینەوەکەی، لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری بووە.