لاوێکی کورد بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرا

09:52 - 14 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەهادین عەباسزادە"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی شاری بانە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری بووە و دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران بۆ ئازادکردنی ناوبراو، بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنیی دیاری کردبوو.

"بەهادین عەباسزادە" بە دابینکردنی بارمتە، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغی دادگاییەکەی، ئازاد کراوە.