لاوێکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا

11:19 - 2 رێبەندان 2719

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی ڕێبەندان، لاوێکی کورد بە ناوی "بڕیار کاوە" کوڕی "ئەمین"، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، دادگای ئینقلابی مەریوان، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو. ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕەزبەی ساڵی ٩٧، "بڕیار کاوە" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٣٢ ڕۆژ هێشتنەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بۆ زیندانی ناوەندیی مەریوان ڕاگوێزرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ئەم لاوە مەریوانییە بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگاییەکەی، ئازاد کرابوو.