لاوێکی کامیارانی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

12:28 - 16 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری کامیاران کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە، دەسبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "کاوە وەیسانی" کوڕی فەتحوڵڵا خەڵکی گوندی "خامسان"ـی شاری کامیاران و دانیشتووی شارەکی "بەهاران"ـی سنە، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو لاوە کوردە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "کاوە وەیسانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە، دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز، تەرمی ئەو لاوە کوردە، لە دەورووبەری شاری سنە، دۆزراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە بە هۆی لێدانەوە لە سەر جەستەی کاوە وەیسانی دیار بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو: "بنەماڵەی وەیسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە بەرپرسی کوژرانی کوڕەکەیان دەزانن".

ئەو سەرچاوەیە پێداگری لە سەر ئەوە کردووە، بنەماڵەی وەیسانی لە ترسی هەڕەشەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە میدیایی‌کردنی هەوڵی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان خۆیان بواردووە.