لاوێکی پیرانشاری دەسبەسەر کرا

14:02 - 21 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵكی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، لاوێکی کورد بە ناوی \"سلێمان محەممەدنژاد\" تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی گەرگوول سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئیتلاعات بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئەو لاوە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووه.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییه.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"باپیر بەرزه\" کوڕی عوسمان خەڵکی \"چیانه\" سەر بە شاری پیرانشار دەسبەسەر کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ماڵی ناوبراویان پشکنیوە.