لاوێکی نەغەدەیی لەبەنداوی حەسەنلوودا خنکا

13:49 - 24 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کورد: لاوێکی نەغەدەیی و کارمەندی بەشی بەخێو کردنی ماسی لەبەنداوی حەسەنلوو، بە هۆی کەوتنە نێو ئاوی بەنداوەکەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز لاوێکی نەغەدەیی بەناوی رەزا بە هۆیەکی نادیارەوە کەوتۆتە ناو ئاوی بەنداوی حەسەنلوو و دوای یەک رۆژ لەو رووداوە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەکارهێنانی \"خواردنی ماوە بەسەرچوو\" تووشی تێکچوونی باری تەندروستی بووە و دواتریش بە مەبەستی ماسی گرتن چووبووە ناو ئاوەکەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو، تیمی فریاکەوتنی شارستانی نەغەدە بەهۆی بێ‌ئیمکاناتی نەیانتوانیبوو رۆژی شەممە تەرمی رەزا لەئاو بهێنە دەرەوە و لەئەنجامدا بەرپرسانی شاری نەغەدە داوای یارمەتیان لە تیمی فریاکەوتنی شاری مەهاباد کردبوو.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵەیەی خەڵکی نەغەدە، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز لە ئاو هێنراوەتە دەرەوە.

بەنداوی حەسەنلووی نەغەدە لەسەر رێگای ورمێ‌ـ مەهاباد و لە ٨ کیلۆمیتری شاری نەغەدە لەنزیک ئاوایی حەسەنلوو هەڵکەوتووە.

وێنە: سلدوز

\"17402.jpg\"