لاوێکی مەهابادی لە ئاوی شەڵماشدا خنکا

16:19 - 4 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی مەهابادی لە تاڤگەی شەڵماشی شاری سەردەشت، بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی شەڵماش، لە ئاوەکەدا خنکا.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی سێ‌شەممەی رێکەوتی ٢ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە سەیرانگەی شەڵماش، لاویکی مەهابادی بەناوی \"موحسین فەرەجی\" و خەڵکی گوندی \"دەریاز\"ی سەربە شاری مەهاباد لە ئاودا خنکا.

ئەو لاوە کوردە، کە بەهۆی بەربوونەوە بۆ نێو ئاوی شەڵماش تووشی خنکان بووە، تەرمەکەی رۆژی رابردوو لە ئاو هێنراوەتە دەرێ و رەوانەی شاری مەهاباد کراوە.

لەماوەی ئەمساڵدا سێ هاووڵاتیی دیکەش لە سەیرانگەی شەڵماش لە ئاودا خنکاون.

تاڤگەی شەڵماش، کەلە ١٧ کیلۆمیتریی شاری سەردەشت هەڵکەوتووەو سەرەرای ئەوەیکە بە یەکێک لە شوێنە گرینگە گەشتیارییەکانی کوردستانی ئێران دێتە ئەژمار و ساڵانە هەزاران گەشتیار رووی تێ دەکەن، بەڵام لە بوونی ئیمکاناتی و پەرژینی ستاندارد بێبەرییە و هیچ تیمێکی فریاکەوتن و مەلوانی لەو شێنە گەشتیارییە بوونیان نییە.