لاوێکی مەهابادی، بە دانانی بارمتەیەکی قورس لە زیندان ئازاد کرا

19:59 - 15 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی لاوێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بارمتەیەکی قورسیان بۆ ئازادیی کوڕەکەیان، دابین کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاسۆ عەزیزی خویندکاری کوردی خەلكی شاری مەهاباد پاش ٢٧ رۆژ دەستبەسەری، سەرئەنجام بە دانانی بارمتەیەکی قورسی ٢٠٠ ملوین تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، رۆژی ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا.

\"24043.jpg\"
ئاسۆ عەزیزی خویندکاری کوردی خەلكی شاری مەهاباد بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملوین تمەنی لە زیندان ئازاد کرا
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئاسۆ عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە ئیدارەی ئیتلاعات، بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بۆتەوە.

پێدەچێت ئەو خویندکارە کوردەی رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی پەیام‌نووری مەهاباد، \"ئەندامەتی و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کەمپەینی شەنگال و کۆبان تەنیا نین\" تۆمەتبار کرابێت.

ئازادکرانی ئەو خوێندکارە کوردە لە کاتێکدایە، کە هەتا ئێستا چارەنووسی رێبوار کامرانی‌پوور ، خوێندکارێکی دیکەی دەستبەسەرکراوی کورد، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

رێبوار کامرانی‌پوور خوێندکاری کوردی خەڵکی مەریوان و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"هاوڕێ هەورام\"ی زانکۆی پەیام‌نووری سنەو ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانیشە.