لاوێکی مەریوانی لە ئێعدام ڕزگار کرا

14:10 - 1 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی مەریوانی، پاش چەند ساڵ دەسبەسەریی بە هۆی کوشتنی بەئەنقەست، لە سێدارە ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە ١١ ساڵ پێش بە هۆی تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە ئێعدام ڕزگار کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"ئامانج وەیسی\" کوڕی محەممەد لەدایکبووی ساڵی ٧٠ی هەتاوی ڕاگەیەندراوە.

ئامانج وەیسی لە تەمەنی ١٥ ساڵەیدا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی کەسێک تۆمەتبار کرابوو، پاش ١١ ساڵ زیندان لە پەتی سێدارە ڕزگار کرا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی دیواندەر و سنە کە بە هۆی کوشتنی بەئەنقەست ماوەی چەند ساڵێک لە زیندان بوون، بە لێخۆش بوونی بنەماڵەی کوژراوەکان، لە ئێعدام ڕزگاریان بوو.

دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئامانج وەیسی، پاش ١١ ساڵ زیندان بۆ ٣ ساڵ زیندان و دانی دییە لە هەمبەر خوێنی ئامۆزاکەی کە بە دەستی ناوبراو کوژرابوو، مەحکووم کرد.

ئامانج وەیسی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، بە کوشتنی بەئەنقەستی کوڕێکی ئامۆزای تۆماتبار کرابوو.

\"قیساس\" لە یاسایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سزایی کوشتنی بەئەنقەست دیاری کراوە و بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.